سەردێڕ:

بەریتانیا هەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەندام بونی ئۆکرانیا لە ناتۆ راگەیاند

PM:11:56:02/06/2023

3544 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە ئەندام بوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەکات. دەشڵێت، "پێدەچێت واقیعیی سیاسی، پڕۆسەکە خاو بکاتەوە".


بێن واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی شانگریلا لە سەنگافورە رایگەیاند، لە ناوەڕاستی شەڕێکدا ناتوانرێت وڵاتان بۆ ناتۆ زیادبکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، رێگەی بەرەو پێشەوەچوونیش بەردەوامبونە لە هاوکاریکردن و پڕچەککردنی ئۆکرانیا بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی لە کورتخایەن و درێژخایەندا.

وتیشی، باشترین شت کە لە ئێستادا دەتوانن بیکەن بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا یارمەتیدانیەتی بۆ شکستپێهێنانی روسیا و دڵنیابوونیانە لەوەی ئۆکرانیا بەتوانایە و خۆڕاگرە.

بێن واڵاس ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کارکردنمان بۆ دابینکردنی گەرەنتی ئەمنییە بۆ ئۆکرانیا، ئەو جۆرە گەرەنتیانە رەنگە لە رێککەوتنە هاوبەشەکانی بەرگرییەوە دەست پێبکات تا دابینکردنی چەک و تەقەمەنی".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ ١ی ٦ی ٢٠٢٣ ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا لە میانەی سەردانەکەی بۆ مۆڵدۆڤا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانی ناتۆ و ئێستا چاوەڕێی ئامادەبوونی لکاندنی کەرتی بەرگری وڵاتەکەیەتی بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامێک لە هاوپەیمانێتییەکە.















گەلەری