سەردێڕ:

ئەمریکا هەڵوێستی نوێی لەبارەی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە ئاشکرا کرد

PM:10:51:02/06/2023

3396 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگربەستی شەڕی ئۆکرانیا ئەو کاتە بەدی دێت کە رێککەوتنێکی ئاشتی دادپەروەرانە بێت و کشانەوەی هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا دەستبەر بکات.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتارێکیدا لە فینلەندا، کە بەم دواییانە بوو بە ئەندامی ناتۆ و سنورێکی درێژی لەگەڵ روسیادا هەیە، رایگەیاند، روسیا دەبێت پشکی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا بدات و بەرپرسیاریش بێت لەبارەی ئەو هێرشەی لە مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٢ەوە بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکردوە.

ئاماژەی بەوەشدا، رێگەدان بە مۆسکۆ بۆ پاراستنی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیا کە داگیری کردووە، پەیامێکی هەڵە دەنێرێت بۆ روسیا و بۆ دەستدرێژکارانی دیکە لە سەرانسەری جیهان.

وتیشی، واشنتن ئامادەیە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ئاشتی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بکات، لەنێویاندا چین و بەرازیل، بەڵام هەر رێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت پشتگیری لە بنەماکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی ئۆکرانیا بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئاگربەستێک کە دۆخی شەڕەکە نەگۆڕێت و رێگە بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بدات کە کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەی کە دەستی بەسەردا گرتووە بچەسپێنێت و کاتی بۆ بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ هێرشی دووبارە ئامادە بکات، ئەوا ناتوانێت ببێتە هۆی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.

دەشڵێت، چین دەڵێت بێلایەنە و دەیەوێت وەک ناوبژیوان مامەڵە بکات، بەڵام پاڵپشتی سیاسی مۆسکۆی کردووە و رۆژی هەینیش داوای لە هاوپەیمانەکانی کیێڤ کرد واز لە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بهێنن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەسەر ئاستی جیهانی چەندین جار هەوڵدراوە نێوەندگیری لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا بکرێت بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا، بەڵام هیچ هەوڵێکیان سەرکەوتوو نەبووە. کۆتا هەوڵیش هەنگاوەکانی چین بوو کە لە ١٢ خاڵدا داوای لە روسیا و ئۆکرانیا کرد کۆتایی بەجەنگی نێوانیان بهێنن کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێکردووە.

کـ - ئـ













گەلەری