سەردێڕ:

راوێژکاری سەربازی هۆڵندا: دەبێت ٢٠٢٥ دەستی حزب لەناو پێشمەرگەدا نەمێنێت

PM:09:57:13/09/2021

6852 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەربازی لە کونسوڵخانەی هۆڵندا لە هەرێم رایگەیاند، پرۆسەی کرداریی یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەستیپێکردووە و لەسەر ئاستی باڵای سیاسی هەردوو حزبی باڵادەستدا هەنگاو نراوە بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا و دەشڵێت، "هێزەکانی پێشمەرگە لە ٢٠٢٥دا دەبێت ببێت هێزێکی مۆدێرن و دوور لە ئەجێندای حزبی."


لەمیانەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تایبەتی ئێن ئاڕ تیدا، کۆڵۆنێل جان تێنهۆڤ راوێژکاری سەربازی لە کونسوڵخانەی هۆڵندا لە هەرێم باسی لەوەکرد، ماوەی چەند ساڵێکە دەستییان بە پرۆگرامێکی ستراتیژی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و لەئێستاشدا رەزامەندی سەرکردایەتی سیاسیی و لایەنە سیاسییەکان بەدەست هاتووە، دەشڵێت، "لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا دوو رێککەوتن لەنێوان سەرکردە سیاسییە باڵاکاندا دێتە کایەوە و پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانیش خێراتر دەکات."

ئەو راوێژکارە سەربازییەی هۆڵندا ئەوەشی بە ئێن ئاڕ تی وت، پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هێواشی و لەسەرخۆیی بەڕێوەدەچێت بەڵام گەشبینە بە دەرئەنجامی هەنگاوەکانی پرۆسەکە، هاوکات، "نەبوونی متمانە لەنێوان هێزەکانی ٧٠ و ٨٠دا، بە گرفتی سەرەکی پرۆسەکە دەزانێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمان ئەوەیە هەتا ساڵی ٢٠٢٥ هێزێکی بەهێز و دوور لە ئەجێندای حزبی دروستبکەین لە هەرێمدا و بەیەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش، ئاسایش و ئارامی زیاتر لە هەرێم بەدی دەکرێت.

کۆڵۆنێل جان تێنهۆڤ باسی لەوەشکرد، ئامانجی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەوەیە هێزێکی راهێنراو و مەشقپێکراوی پێشمەرگە دروست بکەن و "هێزەکانی پێشمەرگە لە ٢٠٢٥دا ببێت هێزێکی مۆدێرنە."

ماوەی چەند ساڵێکە پرسی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکە و نێودەوڵەتیش گفتوگۆی چڕ و پڕی لەبارەوە کراوە، هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاش جەختییان لە یەکخستنەوە و رێکخستنی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا کەمترین هەنگاوی کرداری لەوبارەیەوە نراوە.

تایبەت بە پرسی رووداوەکانی ئەفغانستان و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان رووداو لە عێراق، کۆڵۆنێل جان تێنهۆڤ وتی، "ئەوەی لە ئەفغانستاندا روویدا لە عێراق روونادات."














گەلەری