راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە چاوبخشێنێتەوە بە پەیماننامەی "نیوستارت" بۆ سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی بەمەرجێک ئەگەر روسیا پابەندی رێککەوتننامەکەبێت. دەشڵێت، "چین لە ساڵی ٢٠٣٥دا دەبێتە خاوەنی هەزار و ٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی".
جاک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی ٢٠٣٥دا چین دەبێت خاوەنی هەزار و ٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی.
وتیشی، چین هیچ گوێی بەو
گفتوگۆیانە نەداوە کە لەبارەی چەکی ئەتۆمەوە کردوونی و بەردەوام بەشداریکردنی لە
ئاڵوگۆڕپێکردنی زانیاری لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە رەتکردووەتەوە و هیچ هەنگاوێکیشی
نەناوە.
جاک سۆلیڤان ئەوەشی
خستەڕوو، ئەگەر روسیا پابەندی رێککەوتنی نیوسارت بێت، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە چاو بە
پەیماننامەکەدا بخشێنێتەوە.
دەشڵێت، هیچ لە بەرژەوەندی
ئەمریکا و روسیا نییە ئەگەر روسیا دەستبکات بە کردنەوەی دەرگای رکابەری کردن لە
چەکی ئەتۆمیدا.
باسی لەوەشکرد، ئەمریکا
هەموو ئەگەرەکانی لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و موشەکی خێراتر لە دەنگ و هەر سیستمێک بە ژیری دەستکرد کاربکات بەهەند
وەردەگرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە
رێکەوتی ٢١ی ٢ی ٢٠٢٣ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە
وتارێکیدا لە ئەنجومەنی فیدڕاڵی وڵاتەکەی هەڵپەساردنی بەشداریکردنی روسیای لە پەیماننامەی
نیوستارتی راگەیاند.
هەروەها، لە رێکەوتی ٢ی
نیسانی ٢٠٢٣ ڤلادیمیر پوتین یاسای هەڵپەساردنی پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیژیی
نیوستارتی پەسەند کرد کە بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی توانای مووشەکی ئەتۆمی بالیستی كیشوەربڕ
لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ئەنجامدرابووە.
بەپێی یاساکە، بڕیاری
دووبارە گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ئەو پەیماننامەیە لەلایەن سەرۆکی روسیاوە دەدرێت.
کـ - ئـ