بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی زیاد کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لە لێدوانێدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی ئەو گەنمەی لە جوتیارانی هەرێم وەریدەگرێت بۆ ٥٠٠ هەزار تەن زیاد بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد،
وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاڕی رێگەپێدانی بۆ هاتنی ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانە کرد کە لە
هەرێمەوە دێنە بەغدا، چونکە پێشتر لە بازگەکان بە بیانووی جیاواز ریگەیان نەدەدا بەروبوومی
هەرێم بەرەو ناوچەکانی خواروو و ناوەراستی عێراق هاوردەبکرێن.
پێشتر، بێگەرد
تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵى حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم رایگەیاند، بەپێی ئەو پشتگرییەی
لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت، لەمەودوا جوتیاران دەتوانن راستەوخۆ
گەنمەکانیان رادەستى سایلۆکان بکەن و وەرگرتنى گەنم ئازاد دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە،
بەپێى زانیارییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، بڕیاردراوە ٤٠ ملیار دینار بۆ شایستە
داراییەکانی جوتیاران لە بانکەکانی کوردستان دابنرێت، لەو بڕەش ٢٠ ملیار دینار بۆ
پارێزگای سلێمانی و ١٠ ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر و ١٠ ملیاریش بۆ پارێزگای
دهۆک تەرخان کراوە.