سەردێڕ:

کەی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بەرێدەکەون بۆ سعودیە؟

AM:11:42:31/05/2023

2240 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، دەستیانکردووە بە پێدانی رێنمایی بە حاجیانی ئەمساڵ. دەشڵێت، "نۆ رۆژی دیکە یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم دەچنە سعودیە."


ئەمڕۆ چوارشەممە، فارس جەوهەر بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ چوار هەزار ٦٨٦ کەس لە هەرێمەوە دەچنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی حەج.

باسی لەوەشکرد، لە ٩ـی ٦ یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بەرێگای وشکانی دەڕۆنە سعودیە و لە ١٢ـی ٦یش یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم بەڕیگای ئاسمانی دەچنە سعودیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی جیاوازی نێوان تێچووی ئۆتومبێل و فڕۆکەوە، نرخی حەجکردن بەشێوەی وشکانی هەرزانترە لە رێگای ئاسمانی.

وتیشی، دەستیانکردووە بە پێدانی خولی رێنمایی ئایینی و تەندروستی پێویست بە حاجیانی ئەمساڵ و خولەکەش تاوەکو هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.

پێشتریش عەبدولکەریم نەسرەت نوێنەری دەستەی حەج و عەمرەی عێراق بە ئێن ئاڕ تی عەرەبی رایگەیاند، بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی و ئەو ئاسانکارییانەی پێشکەشی حاجیانی عێراق کراون، ئێستا ئامادەن تا ٣٧ هەزار حاجی بنێرنە وڵاتی سعودیە بۆئەوەی فەریزەی حەج بەجێبهێنن.

رۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە رایگەیاند، یەکەم کاروانی حاجیان لە وڵاتی بەنگلادیشەوە گەیشتوونەتە سعودیە و بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگە یاخود لە سەرەتای مانگی داهاتوو یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە سلێمانییەوە بە رێگای وشکانی دەگاتە سعودیە.













گەلەری