بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە بەرنامەی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکاندا دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ هاتنى وەرزى هاوین و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکانى پۆلى ١٢، لە سبەینێ پێنجشەممەوە بەرنامەی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان دەگۆڕێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاگادارى خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانى ناو
شارى سلێمانى دەکەینەوە، لە سبەینێ پێنجشەممە ١ی حوزەیرانەوە، بەرنامەى کارکردنیان
دەبێت بە ٢٤ کاتژمێرى، واتە هەرکاتێک کارەباى نیشتیمانى کوژایەوە پێویستە ئەوان
کارەبا بدەن بە هاوڵاتییان."
ئەوەش لە
کاتێکدایە، ساڵانە لەکاتی گۆڕانی وەرزەکاندا گۆڕانکاری بەسەر بەرنامەی کارکردنی
مۆلیدە ئەهلییەکاندا دێت و لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و سەرما؛ کاتی پێدانی کارەبای
نیشتیمانی کەمدەبێتەوە و مۆلیدە ئەهلییەکان کاتەکەی پڕ دەکەنەوە، کە بەشێکی هاوڵاتیان
باس لەوەدەکەن، لەو دوو وەرزەدا کاتی پێدانی کارەبای مۆلیدە زۆرە و ئەوەش
تێچوویەکی زیاتر لەسەریان دەکەوێت و بووە بە بارگرانی بەسەریانەوە.