سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بە هەوڵی نەوەی نوێ رێگری لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گیرا و ئێستا سەردەمی نەوەی نوێیە و ئەو سەردەمە نەما کە یەکێتی و پارتی بڕیاری سەربەخۆ بدەن و بەڵێن دەدەن بە خەڵکی هەرێم هاوشێوەی ئەم بڕیارە، پاشەکەوتی مووچە بگەڕێننەوە.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوو یەکێتی و پارتی حەوت جار تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان درێژکردەوە، بەڵام لەمجارەدا جوڵانەوەکەیان نەیهێشت ئەم کارە نایاساییە تێپەرێت.
ئاماژەی
بەوەشدا، دوو ساڵ لەمەوبەر یەکێتی و پارتی پەرلەمانی هەرێمیان داخست و سەرۆکی پەرلەمانیان
ناردەوە بۆ سلێمانی، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەو سەردەمە نەیانتوانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان
لەسەر ئەو پرسە بهێنە سەر خەت و کاردانەوەیان هەبێت لە بەرامبەر ئەو کارە نایاساییە.
ئەوەشی
خستەڕوو، لە ساڵی رابردووش تەمەنی پەرلەمانی هەرێمیان بە نایاسایی درێژکردەوە بەڵام
جوڵانەوەی نەوەی نوێ کاردانەوەی کاریگەری لەسەر ئەو بڕیارە هەبوو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
هێنایە سەر هێڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە زووترین کات و ئەمڕۆش بە سکاڵای جوڵانەوەکە
درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجی پەرلەمان بە نا دەستووری ناسێندرا.
باسی
لەوەش کرد، پەرلەمانی هەرێم لەلایەن خەڵکەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبژێردراوە و
ناکرێت پەرلەمانتار بە ئارەزووی خۆی تەمەنی پۆستەکەی درێژ بکاتەوە و ماوەی شەش ساڵ
خاوەن پۆست بێت و مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو سەردەمە تێپەری کە پارتی و یەکێتی بڕیاری
سەربەخۆ بدەن و ئێستا سەردەم سەردەمى نەوەی نوێ یە.
ئێستا
هەرێمی کوردستان لە سەردەمێکی نوێدایە و رێگە بە دەسەڵات نادات هەر کارێکی قێزەونی
بەدەستەوە بێت ئەنجامی بدات، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو هیوایەدا بوو کە دامەزراوەکانی
هەرێمی کوردستان بەهێز بوایەو پەرلەمان لەلایەن خەڵکەوە خاوەندارێتی بکرایە و ئەنجوومەنی
دادوەری دادپەروەر بوایە نەک ئەنجوومەنێكی حیزبی بێت، ئەگەر وابوایە لە هەرێمی
کوردستان و دەرەوەی هەرێمیش یەکگرتوو دەبوون، شاسوار عەبدولواحید وایوت.
سەرۆکى
جوڵانەوەى نەوەى نوێ وتیشى، دەیانەوێت بە خەڵکی هەرێم رابگەیەنن کە کۆڵ لە گەڕاندنەوەی
پاشەکەوتی مووچە نادەن و چۆن کۆڵیان لە بڕیاری نا دەستووری درێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمان
نەدا، کۆڵیش لە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە نادەن.
جوڵانەوەی
نەوەی نوێ هێزە چەکدارەکانی هەرێم وەک پێشمەرگە و زێرەڤانی و ئەوانی دیکە بە هێزی یەکێتی
و پارتی نازانێت بەڵکو بە هێزی نیشتیمانیان دەزانێت و جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێویستی
بە هێز نییە بۆ ئەوەی رکابەری یەکێتی و پارتی بکات، بەڵکو لە رێگەی تەکتیک و پلان رکابەری
دەکات و لە کۆتایشدا وتی، "هیوادارم تاکو ئێستا لە ئاستی متمانەی خەڵکی هەرێم
بووبێتین و هیوادارە لە داهاتوش ببینەوە بە جێگای متمانەی خەڵک."