سەردێڕ:

پارتی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەیاننامەیەکی دەرکرد

لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان
PM:07:45:30/05/2023

21024 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پارتی لە یەکەم هەڵوێستی حزبەکەی لە بارەى بڕیاری دادگای فیدراڵی خستەڕوو داواشی کرد هەموو لایەک ئامادەکاریی بکەن بۆ هەڵبژاردن.


ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، پارتى دیموکراتى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، لاى هەموو لایەک ئاشکرایە، پارتى لەکاتى یاسایى و کۆتایى خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دا، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی یاسایی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جدی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی "تەوقیتاتی یاسایی" دیاریکراو.

پارتى دیموکراتى کوردستان لەو راگەیەندراوەی دا ئاماژەى بەوەش کردوە، داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەن هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی، هاوکار و رێ خۆشکەر بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

هەروەها داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.

پارتى دیموکراتى کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا دووپاتی کردوەتەوە ئەوەی بۆ حیزبەکەیان گرنگە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوەوە، پەرلەمانى کوردستان ماوەى یاسایی خۆى تێپەڕاندوە و تەمەنى کۆتایی هاتوە، بەڵام لە دانیشتنێکدا بە بڕیارى حیزبەکانى دەسەڵات ماوەى تەمەنى خۆى درێژ کردەوە و ئەمەش ناڕەزایی شەقامى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لێکەوتەوە و داوایان کرد بە زوترین کات هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ رێگە چارەسەرێک لەبەردەم حیزبەکانى دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان نەماوە.













گەلەری