بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا، ئەمشەو ئەندامانى ئیدارەى دەوڵەت بە بەشدارى نوێنەرانى یەکێتى و پارتى کۆبونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە لەسەر دەستپێکردنەوەى کارەکانى لیژنەى دارایی و ئامادەکارییەکان بۆ پەسەندکردنى بودجە، ئەوەش دواى ئەوەى یەکێتى و پارتى لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا رێککەوتن کە بڕگەى گەڕانەوەى پاشەکەوتى موچە لە پرۆژەیاساکەدا لاببەن.
بە هەوڵى نەوەى نوێ بڕگەیەک بۆ گەڕانەوەى ١٠%ى پاشەکەوتى موچە لە رەشنووسى یاساى بودجەدا زیادکرا و دەنگیشى لەسەر درا لە لیژنەى دارایی، بەڵام یەکێتى و پارتى پێکەوە داوایان لە لایەنە شیعەکان کرد ئەو بڕگەیە لاببەن.
فراکسیۆنى نەوەى
نوێیش لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە کۆڵنادەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان
بۆ گەڕانەوەى پاشەکەوت.
هەر ئەمڕۆ فەیسەڵ
نائلی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندبوو،
ئەوان چاوەڕێی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەکەن ئەمڕۆ کۆببنەوە بۆ یەکلایکردنەوەی
ئەو بڕگانەی تایبەتن بە هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە.
ئەوەشی خستەڕوو،
بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر وادەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسایی
بودجە دیاری بکرێت.
دوای ئەوەى شەوى
هەینى ٢٦ى ئایار، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی کۆبووەوە،
بڕیاردرا رۆژى شەممە، ٢٧ی ئایار دانیشتنى پەرلەمان لەبارەى خوێندنەوەى کۆتایى بۆ پڕۆژەیاساى
بودجەى عێراق، بە گۆڕانکارییەکانەوە لەسەر پێشنیازى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، ببەسترێت،
بەڵام بەهۆى دروستبوونى کێشە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەى لە چەند ماددەیەکى بودجەدا
کرا، دانیشتنەکە دواخرا بۆ کاتێکى نادیار.