سەردێڕ:

لە قەزایەکی دیکەی هەرێم کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەخرێتە کار

PM:09:09:29/05/2023

5324 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا ستونی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای بانی مەقان جێگیرکراوە و لە داهاتوودا دەکەوێتە کار.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسۆ حەمەخەسرەو بەڕێوەبەری هۆبەی هاتوچۆی چەمچەماڵ باسی لەوەکرد، هاوشێوەی جێگاکانی دیکە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە چەمچەماڵ دەکەوێتە کار. وتیشی، لە ئێستادا ستوونی کامێراکان لە ریگای بانی مەقان لە چەمچەماڵ جێگیرکراون، بەڵام کامێراکان نەبەستراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، روون نەبووەتەوە کەی کامێراکان دەکەونەکار، بەڵام ئامادەکاریی بۆ کراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ئەمڕۆ ٢٩ی ئایار کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای دوکان- سلێمانی کەوتە کار، ئەوش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و پێیان وایە ئەو کامێرایانە وەک سەرچاوەیەکی داهاتە نەک بۆ خزمەتکردنی کەرتی هاتوچۆ و رێگاوبان.

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، سیستمێکی دیاریکردنی خێراییە لە رێگای کاتەوە و دەبێت نێوانی ئەو دوو کامێرایە لەکاتی دیارکراودا تێپەڕێندرێت و بە پێچەوانەوە؛ بە ئاستی خێرایی شۆفێریکردنەکە، پێبژاردن بۆ شۆفێران دەنووسرێت و لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی کەوتووەتە کار.

سۆران محەمەد- چەمچەماڵ

 

 













گەلەری