پڕۆژە یاسای خانەنشینی ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمە و بەھۆی بوونی دوو روانینی جیاواز بۆ پڕۆژە یاساکە ھێشتا رەوانەی ئەنجومەنی شورا و پەرلەمانی کوردستان نەکراوە بۆ دەنگدان لەسەری.
ئەمڕۆ دووشەممە، کاوە عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند "تائێستا بە فەرمی پڕۆژە یاساکە نەھاتۆتە پەرلەمانی کوردستان و ئەوەی لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە
لە ئەنجومەنی وەزیران باس دەکرێت تەنھا بەشێکە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن".
وتیشی "ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە لەلایەن وەزارەتی
ناوخۆوە تەواو کراوە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و لە ئەنجومەنی وەزیران
گفتوگۆی لەسەر کراوە و نەگەیشتوونەتە ئەنجام".
کاوە عەبدولقادر روونیکردەوە "لە ئەنجومەنی وەزیران
دوو روانینی جیاواز لەبارەی پڕۆژە یاساکە ھەیە بەشێکیان لەگەڵ ئەوەن لە سەدا ٦٠ی
موچەیان بۆ خەرج بکرێت و ھەندێکی تریان لەگەڵ ئەوەن موچەی خانەشینی ھێزەکانی ناوخۆ
و پۆلیس ٤٠٠ ھەزار بێت و دەرماڵەی بڕوانامە و ھاوسەر و منداڵیان بۆ خەرج بکرێت".
جەختیشی کردەوە "تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران لەسەر
پڕۆژە یاساکە نەگەیشتوونەتە کۆدەنگی".
لە پرۆژە یاساکەدا تەمەنی خانەنشینبونی کارمەندانی ئاسایش
و ھێزەکانی ناوخۆ و ھەروەھا موچەی خانەنشینبونیان دیاری کراوە و وا بڵاوکرایەوە کە
پڕۆژە یاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی ئەنجومەنی شورا کراوە.