سەردێڕ:

یەکەم وتاری ئەردۆغان دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا

PM:09:00:28/05/2023

4068 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە و لە یەکەم وتاریشیدا رایگەیاند، سوپاسی گەلی تورکیا دەکات کە دووبارە متمانەیان پێبەخشیوەتەوە.


رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان رایگەیاند، ئەوان ئاشقی ئەتستەنبووڵن چونکە رێپێوانەکەیان لەوێ دەستپێکردووە و هەر لەوێش بەردەوامی پێدەدەن، وتیشی، هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی بەشداری هەموو گەلی تورکیای تێدا بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، گەلەکەیان وای لێکردوون لە دیموکراسیەتدا بژین و سوپاسی گەلی تورکیا دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، "دەبینە جێگای ئەو هەموو متمانەیەی پێمان بەخشراوە"، دەشڵێت، "تورکیا لای ئێمە لە ئارامیدایە."

تاوەکو ئەم ساتە، ٪٩٨.٩٤ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جیاکراونەتەوە و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بە بەدەستهێنانی رێژەی ٪٥٢.٠٧ی دەنگەکان؛ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و بۆ سێیەم جار بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە.

رکابەری ئەم خولەی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ کاندیدی هاوپەیمانی میللەتدا بوو.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆی رکابەری ئەردۆغان رێژەی ٪٤٧.٩٣ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.













گەلەری