سەردێڕ:

هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت لە بارەى کێشەى بودجە کۆدەبێتەوە

کۆبونەوەى لایەنەکانى هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت
PM:01:47:28/05/2023

2712 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکاریەکانی بڕگەکانی ماددەی ١٣ و ١٤ و چەند بابەتێکی دیکە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆدەبنەوە.


بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا، سبەى دووشەممە ٢٩ى ئایار، هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت بڕیارە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆببنەوە و تاوتوێى ئەو کێشانە بکەن کە لەبەردەم هەریەک لە ماددەکانى ١٣ و ١٤ى بودجەى عێراق لە دواى دەستکاریکردنى بڕگەکانى ئەو ماددانە درووست بوون.

دوا ئەوەى شەوى هەینى ٢٦ لەسەر ٢٧ى ئایار، محمد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی کۆبوەوە، بڕیار درا رۆژى شەممە دانیشتنى پەرلەمان لەبارەى خوێندنەوەى کۆتایى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى عێراق، بەو گۆڕانکارییانەى لەسەر پێشنیارى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، ببەسترێت، بەڵام دوێنێ شەممە بەهۆى دروست بوونى کێشە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەى لە چەند ماددەیەکى بودجەدا کرا، دانیشتنەکە دواخرا بۆ کاتێکى نادیار.

ئەمەش دواى ئەوەدێت لەسەر داواکارى نەوەى نوێ بڕگەیەک بۆ گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى موچە زیاد زیادکرا، کە مانگانە بڕى ١٠٪ـی پاشەکەوتى موچە بدرێتەوە، سەربارى دژایەتى یەکێتى و پارتیش پێشنیازەکەى نەوەى نوێ لە دەنگى لەسەر درا.

لە ١٣ی ئازار، سەرۆک وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجە دا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دا دەبێت.













گەلەری