سەردێڕ:

ئەو پارتە کامەیە کە لە دوا ساتەکانی هەڵبژاردندا پاڵپشتی کەمال کلیچدارئۆغلو دەکات؟

کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی پۆستی سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتى گەلى کۆمارى جەهەپە
AM:11:36:28/05/2023

4664 جار خوێندراوەتەوە

شەش رۆژ بەر لە دەستپێکردنی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە یەکێکە لە سەرەکیترین پارتەکانی هاوپەیمانێتی ئاتا، دەنگی پارتەکەی خستە پاڵ هاوپەیمانێتی میللەت.


ئۆمیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن کە بەشێکی گرنگی هاوپەیمانێتی ئاتایە کە سینان ئۆغانی کاندیدی پاڵپشتی ئەردۆغان دەکات رایگەیاند، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی کەمال کلیچدارئۆغلو دەکات.

میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن پاڵپشتیکردنی پارتی سەرکەوتن لە کەمال کڵیچدارئۆغلو هەلێکی باشە بۆ ئەو کاندیدە تاوەکو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت چونکە ئۆمیت ئۆزداغ سەرۆکی پارت و سەرۆکی هاوپەیمانێتی ئاتاشە و زیاتر گوێ بۆ رایی ئەو دەگیردرێت.

هاوپەیمانێتی ئاتا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار توانی ٥,٥٪ـی دەنگەکان بە دەستبهێنێت کە ٢,٢٪ـی دەنگەکان بۆ پارتی سەرکەوتن بووە.

پاش پاڵپشتییەکەی ئۆمیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی سەرکەوتن لە کەمال کڵیچدارئۆغلو لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ دا ئەو دەنگانە دەچنە سەر دەنگەکانی ئەو کاندیدە.

بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٨:٠٠ گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەستیپێکرد و ٦٤ ملیۆن و ١٦٠ هەزار دەنگدەر دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان.

رکابەری پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدنی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میللەتدایە، بەپێی زۆرینەی ئەو راپرسیانەشی کە کراوە ئەدۆغان ل گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بە دەستدەهێنێت.

ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم لەدوای ئەوەوە دێت کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە ١٤ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەچوو بەبێ ئەوەی هیچ کام لە کاندیدانی سەرۆکایەتی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن.

هەربۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنەکە چووە خولی دووەم کە ئەمەش دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ خولی دووەم هەڵبژاردن ببرێت.













گەلەری