سەردێڕ:

پاتریارکی نوێ لە هەولێر دەستبەکاربوو

PM:03:05:13/09/2021

4484 جار خوێندراوەتەوە

پاتریارکی نوێی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوریی لە رێوره‌سمێكدا كه‌ له‌ کڵێسای مار یۆحەننای مەعمەدان لە شارۆچکەی عەنکاوە به‌ڕێوه‌ چوو، دەست بەکار بوو.


لە رێورەسمه‌كه‌دا كه‌ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکە، مار ئاوا لە پۆستی پاتریارکی نوێی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوریی بە ناوی مار ئاوای سێیەم دەست بەکار بوو.

پاتریارک مار ئاوای سێیەم بووە ١٢٢ووەمین پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوریی کە پێشتر سەرپەرشتیاری کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوریی بووە لە ویلایەتی كالیفۆرنیا باشوری رۆژئاوای ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دەستبەکاربوونی مار ئاوا لە پۆستی پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوریی دوای ئەوە دێت کە کۆمەڵگای پیرۆزی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوریی بە سەرپەرشتی مار ملیس زیا، مەترانی ئوسترالیا، نیوزیلاند و لوبنان، کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژەیان بۆ هەڵبژاردنی پاتریارکی نوێی کڵێساكه‌ لە کڵێسای مار یۆحەننای مەعمەدان لە شارۆچکەی عەنکاوە ساز کرد، ئەوکات راگەیەندرابوو، کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگاکە بە بەشداریی زۆرینەی ئوسقوفەکانی سەربە کڵێساکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بووە و مار ئاوا وەکو ١٢٢ووەمین پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووریی دەست نیشان کراوە.

مار ئاوای سێیەم لە چواری تەمووزی ١٩٧٤ لە باوک و دایکێکی ئاشوریی لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی باکوری ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە.

کەسایەتییەکی نەرم و دیپلۆماسیی هەیە و گرنگی بە ئاشتی و پێکەوەژیان دەدات، نیشتەجێی شاری مۆدیستۆ سەربە ویلایەتی کالیفۆرنیا باشوری رۆژئاوای ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

سەرۆکی ئەبرەشییەی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و سکرتێری کۆمەڵەی پیرۆزیی ئاشورییە، هاوکات، یەکێکە لە پێنج ئەمیندارانی کڵێسای ئاشوری تایبەت بە دەستەی فریاگوزاریی رۆژهەڵات، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی نێوان کڵێساکانە، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری نیشتمانیی بۆ کڵێسای ئاشوری تایبەت بە کۆمەڵگای گەنجانی رۆژهەڵات لە ئەمریکایە و خاوەنی دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە لاهووت و فەلسەفە و دکتۆرا لە لاهوت لە زانکۆی پاپاوی رۆژهەڵات لە رۆما.













گەلەری