جوتیارانی مەیدانی شوتیفرۆشانی هەولێر لە دژی داخستنی شوێنی کارەکەیان گردبوونەوە باس لەوە دەکەن، ئەوان تاوەکو ساڵی ٢٠٣٨ گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی ماوەبەسەرچوو هەیە، بەڵام حکومەت ئەوانی داوەتە دەست کۆمپانیایەک و شوێنی کارەکەی داخستوون.
ئەمڕۆ شەممە، یەکێک لە جوتیاران ئەوەی خستەڕوو، ئەوان هیچ کێشەیەکیان نییە و کرێی دووکانەکانیان دەدەن و باج دەدەن کەچی حکومەت ئێستە کارەکەی داوەتە کۆمپانیایەک و ئەویش شوێنی کارەکەی گواستووەتەوە.
ئەوەشیان خستەڕوو، ئەو شوێنە نوێیەی کە بۆیان دابینکراوە بچوکە و بۆیان
ناگونجێت و لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە کە شوێنەکەیان بگوازنەوە.
دەشڵێن، دەمانەوێت لە شوێنی خۆمان بمینینەوە و کارەکانمان بکەین بەڵام
حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم نەهاتووە بەدەم کێشەکانیانەوە و تەنانەت پارێزگاری
هەولێریش لێی نەپرسیون کێشەتان چیە؟
ئاماژەیان بەوەش کرد، کاتێک لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبوونەتەوە لە جیاتی چارەسەری کێشەکانیان پێی وتوون،
ئەگەر شوێنەکانتان چۆڵ نەکەن و نەچنە ئەو شوێنەی کۆمپانیاکە بۆی دیاریکردوون ئاو و
کارەباتان لێدەبڕم و شوێنی کارەکەتان دادەخەم.