وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ٣١٧ ئاشی ناحکومی لە عێراقدا بوونیان هەیە و حکومەتیش پشت بەو ئاشانە دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی ئارد.
ئەمڕۆ یەک شەممە، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە دوا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئارد دەست پێدەکات و حکومەتی ناوەندیش بۆ ئەو مەبەستە پشت بە ئاشە ئەهلییەکان دەبەستێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ٣١٧ ئاشی
ناحکومی لە عێراقدا هەن و خزمەتگوزارییەکی گەورە لە بەرهەمهێنانی ئارد دا پێشکەش دەکەن
و هەمان ئەو ئاردەش بەرهەم دەهێنن کە لە بەشە خۆراکی هاوڵاتیان بەرهەم دەهێنرێت.
ئەمڕۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی
هەرێم دەستی پێکرد و حکومەتی عێراق بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرت
و دوای چەند رۆژێک لە پرۆسەکە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
هاوکات، حکومەتی عێراق بڕی ٤٠ ملیۆن دینار
بۆ شایستەی جوتیارانی هەرێم دابین کردووە.