سەردێڕ:

لە گەشتێکدا ۳٠ خوێندکار لە سلێمانی بەهۆی خۆراکی خراپەوە ژەهراوی بوون

PM:07:44:27/05/2023

7860 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٣٠ خوێندکاری پەیمانگایەکی سلێمانی لە گەشتێکدا بەهۆی خواردنی خراپەوە ژەهراوی بوون. دەشڵێت، "شەش خوێندکاریان براونەتە نەخۆشخانەی شار."


ئەمڕۆ شەممە، سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو خوێندکارانە چوونەتە گەشت و بەهۆی ئەوەی بریانییان لەبەر خۆر لە کەشێكی گەرمدا جێهێشتووە خواردنەکە خراپ بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش خواردنی بریانییەکە ٣٠ خوێندکار ژەهراوی بوون کە ٢٤ـیان هەر لە سەیرانگەکە چارەسەریان بۆکراوە و شەش خوێندکاریشیان براونەتە نەخۆشخانەی شار.

باسی لەوەش کرد، خوێندکارەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بریانییەکەیان لەبەر خۆر و لە گەرمیدا جێهێشتووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری خراپبوونی ئەو خواردنە.

هاوکات، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروسی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ١٥ خوێندکار سەردانی نەخۆشخانەی شاری سلێمانییان کردووە و زۆربەیان چارەسەریان بۆ کراوە و لە ئێستادا تەنها چوار خوێندکار لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

هەر لەوبارەیەوە یەکێک لەو خوێنداکارانەی کە ئاگاداری رووداوەکەیە بە هەمان شێوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە سەیرانگای دووکان لە یەكێک لە فرۆشگاکان کاهوویان بۆ دروستکردنی زەڵاتە كڕیوە و هەرکەسێک ئەو زەڵاتەیەی خواردبێت تووشی رشانەوە بووە.


 













گەلەری