سەردێڕ:

عێراق پرۆژەی هێڵی ئاسنینی لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێی خستە بواری جێبەجێکردنەوە

PM:05:01:27/05/2023

12248 جار خوێندراوەتەوە

عێراق پرۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی رێگای گەشەپێدانی راگەیاند، کە تایبەتە بە هاتووچۆی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا لە بەندەری فاو.


ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی جیهان و ئەنجوومەنی هەماهەنگی خەلیجی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە هێڵێکی ئاسنینی بازرگانییە لە نێوان عێراق و تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

بودجەی پڕۆژەکە ١٧ ملیار دۆلارە و دەبێتە هەنگاوێکی گرنگی ئابوری عێراق لە دوای چەندین جەنگ و قەیرانی دەیان ساڵە.

ئامانجی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان پێکەوەبەستنی بەندەری فاوی دەوڵەمەند بە نەوتی باشوری عێراقە بە تورکیاوە بۆ ئەوەی عێراق بکات بە ناوەندی پەڕینەوە و کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوە لە نێو وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا وەک هەوڵێکی رکابەری کەناڵی سوێس لە میسر.

فەرحان فەرتوسی بەڕێوەبەری گشتی بەندەرەکانی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، "رێگای گەشەپێدان تەنها رێگایەک نابێت بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران، بەڵکو ئەو پڕۆژەیە دەبێتە دەرگایەکی کراوەی گەشەپێدانی فراوان بۆ عێراق."

بەپێی پێشبینییەکانی حکومەتی عێراقی لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە بە شەمەندەفەرێک کەلوپەل و گەشتیاران بە خێرایی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەگوازرێنەوە و جگە لەوەش هێڵەکانی ناوەندی پیشەسازی ناوخۆیی و وزەی وەک بۆرییەکانی نەوت و غازی سروشتی فروان دەکات.

لە رێکەوتی ٢١ ئاداری ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ریكکەوتن بۆ بنیادنانی هێڵێ ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا تایبەت بە گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و ناویان لێنا "پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان".













گەلەری