سەردێڕ:

سبەینێ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت

AM:08:57:27/05/2023

1928 جار خوێندراوەتەوە

بە رکابەری نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆ، سبەینێ یەکشەممە، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەرێوەدەچێت.


دوای ئەوەی هیچ کام لە کاندیدەکان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی تورکیا کە لە رۆژی ١٤ی ئایاردا ئەنجامدرا، نەیانتوانی بەربەستی ٪٥٠ تێبپەڕێنن تاوەکو بتوانن سەرکەوتووبن، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کەوتە خولی دووەم.

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، چوار کەس خۆیان بۆ سەرۆکایەتی وڵاتی تورکیا کاندید کردبوو، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵیچدار ئۆغڵۆ و سینان ئۆغان و موحەرەم ئینجە بوون کە لە دواساتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کشانەوەی خۆی راگەیاند، بەڵام کشانەوەکەی قبوڵ نەکرا.

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی بەمشێوەیە راگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا، ٨٧.٤٪.

+رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٩.٥٢٪

+کەمال کلیچدارئۆغلۆ ٤٤.٨٨٪

+سینان ئۆغان ٥.١٧٪

+موحەڕەم ئینجە ٠.٤٣٪

سیستمی هەڵبژاردنی تورکیا، رێگا بە کەسێک دەدات کە بتوانێت ٪٥٠+١ دەنگەکان بەدەستبهێنێت تاوەکو بتوانێت سەربکەوێت، بەڵام هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی ئەو بەربەستە بشکێنن و بۆ یەکەمجارە دوای ١٠٠ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری تورکیا، هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دووەمەوە.

هاوکات رۆژی ٢٢ی ئایار، سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربڕی.













گەلەری