سەردێڕ:

ئۆکرانیا: روسیا بۆردوومانی نەخۆشخانەکان دەکات

PM:09:53:26/05/2023

2016 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، روسیا لە شاری دنیبرۆ بۆردوومانی نەخۆشخانەیەکی کردووە و بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستداوە و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون. میدیاکانی ئۆکرانیاش دیمەنی نەخۆشخانەکەیان پاش بۆردوومان بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ هەینی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، روسیا بۆردوومانەکانی سەر شاری دنیبرۆی چڕکردووەتەوە و تەنانەت نەخۆشخانە و شوێنی مانەوەی هاوڵاتیانی سڤیلیش بۆردومان دەکات.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە.

هاوکات میدیاکانی ئۆکرانیا ڤیدیۆی نەخۆشخانەکانی پاش بۆردوومانکردن بڵاوکردەوە و سێرگی لیساک سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سوپای ئۆکرانیا باسی لەوەکرد، شەوی رابردوو روسیا بۆردوومانێکی چڕی لە شاری دنیبرۆ ئەنجامداوە و بەهۆیەوە چەند ماڵێکی هاوڵاتیانیش گڕیگرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی ساڵێک و سێ مانگە جەنگ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەڵگیرساوە، وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاواش بەردەوامن لەپاڵپشتی کردنی ئۆکرانیا و سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا.













گەلەری