سەردێڕ:

نرخی دۆلار لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراودا بەرزبووەوە

AM:10:02:25/05/2023

26576 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا، بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکراو بەراورد بە دوێنێ بەهاکەی ٢٠٠ دینار بەرزبووەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا، بەهای دۆلار لە بەرزیدا بە جێگیری ماوەتەوە و ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لە کاتێکدا دوێنێ لە کاتی داخستنی بازاڕی دراودا بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٣٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.

هاوکات، دوێنی لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراودا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٤٧ هەزار دینار بوو بەوەش بەروارد بە دوێنێ بەهای دۆلار دابەزیوە و بانکی ناوەندی عێراقیش زیاتر لە ٢٦٥ ملیۆن دۆلاری خستەڕوو.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەژی محەمەد شارەزای بازاڕە ئابورییەکان، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوو هۆکار ئێستا بەهای دۆلاریان بەرز راگرتووە یەکەمیان پەنابردنی هاوڵاتیان بۆ کارتە بانکییەکان و بەکارهێنانی بۆ گەشتکردن و خەرج کردنی لە دەرەوەی وڵات، وتیشی، "ئەو جووڵەیە رێژەی دۆلاری لە بازاڕە ناوخۆییەکان کەم کردووە".

باسی لەوەش کرد، دووەم هۆکارییان هەوڵی کۆمەڵێک بازرگانە کە لە ماوەی رابردوو دۆلاریان بە نرخی بەرز کڕیوە و ئێستا دەیانەوێت زیانی کەمیان بەربکەوێت بۆیە جووڵە و مامەڵەی دۆلار بۆ ماوەیەکی کاتی رادەگرن تاکو نرخەکەی بەرز دەبێتەوە پاشان دەیفرۆشن.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە ماوەی رابردوو دا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاندبوو، بەهای دۆلار بۆ سەر نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق دادەبەزێت.













گەلەری