سەردێڕ:

روسیا: لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئۆکرانیاوە تا ئیستا زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەرباز مەشقیان پێکراوە

AM:09:20:25/05/2023

1992 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگریی روسیا باسی لەوەکرد، لە دەستپێکی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"ـەوە بۆسەر ئۆکرانیا، زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەرباز مەشقی سەربازییان پێکراوە.


سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگریی روسیا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی باسی لە جەنگی روسیا-ئۆکرانیا کرد و ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانی روسیا بەردەوامن لە مەشقی سەربازیی، وتیشی، "لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەتەوە تا ئیستا زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەرباز مەشقیان پێکراوە".

وەزیری بەرگریی روسیا ئەوەشی ئاشکراکرد، پێویستە پڕۆگرامی مەشقەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەزمونانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەدەستهاتوون، بەڕێوەبچن و رایگەیاند، "پێویستە رێگا نوێیەکانی جەنگ بۆ بەرپەرچدانەوەی سەربازەکان، ناسینی تاکتیک و ئامرازەکانی دوژمن و بەکارهێنانی کارای چەک، بزاندرێت".

سێرگی شۆیگو ئەوەشی خستەڕوو، لە دەستپێکی ئەم هەفتەیەوە تا ئێستا گروپێک سەربازی ئۆکرانیا چوونەتە ناوچەی بیلگراد و ئۆپەراسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان ئەنجامدراوە.

ناوبراو رووداوەکانی ناوچەی بیلگرادی بە "کردەی چەکداریی حکومەتی کیێڤ دژبە هاوڵاتییانی مەدەنی" ناوهێنا.

لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا دەستیپێکردووە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی جیهانیش بۆ وەستاندنی هێرشەکانی روسیا، بەڵام روسیا بەردەوامە لە جەنگ.













گەلەری