سەردێڕ:

لە هێرشێکی چەکداری داعشدا لە دیالە سێ سەربازی عێراقی کوژران

AM:10:35:13/09/2021

1296 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی پۆلیسی دیالە رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشێکی چەکداری داعش لە پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، سێ سەربازی سوپای عێراق کوژران.


شەعلان کاملی ئەفسەر لە پۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاندووە، "ژمارەیەک چەکداری داعش پەلاماری خاڵێکی هێزەکانی سوپای عێراقیان لە ناحیەی عوزێم سەربە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە داوە و بەهۆیەوە سێ سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکە برینداربوو".

راشیگەیاند، دوای گەیشتنی پشتیوانی سەربازی بۆ شوێنی رووداوەکە، چەکدارانی داعش بەرەو شوێنکی نادیار هەڵاتوون.

تا ئێستا سوپای عێراق هیچ راگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی شەممەش، لە هێرشێکی هاوشێوەدا لە پارێزگای کەرکوک، سێ پۆلیسی سەربە هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی کوژران.

وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی چەکداری داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی روبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە هاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرتبوو راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی چەکداری ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەددین (باکور) و پارێزگای دیاله‌ (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.













گەلەری