سەردێڕ:

پلاسخارت بۆ حزبەکانی هەرێم: بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدەن

PM:06:58:24/05/2023

5172 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات بە زووترین کات هەڵبژاردنێکی باوەڕپێکراو ئەنجام بدەن.


جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، جارێکی دیکە داوا لە هەموو حزبەکانی هەرێم دەکەن لە بەرژەوەندی گەلەکەیان کار بکەن و بە زووترین کات هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجام بدەن.

دەشڵێت، "کرۆکی دیموکراسی هەڵبژاردنێکە لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت."

پێشتریش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جینین پلاسخارت ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان ماوەیەکی زۆریان بەسەردا تێپەریوە و بیری حزبەکان دەخەینەوە کە دواخستنی هەڵبژاردنەکان لەوە زیاتر دەبێتە هۆی لە دەست دانی متمانەیان.

هاوکات، فشارە ناوخۆیی نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر هەریەکە لە حزبەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی نوێى پەرلەمانی هەرێم.

تاکو ئێستا جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کونسوڵخانەی ١٢ وڵاتی ئەوروپی فشاریان لە یەکێتی و پارتی کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.













گەلەری