سەردێڕ:

نرخی ڤیزای ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا گران دەبێت

PM:04:58:24/05/2023

11032 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، نرخی پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزا بۆ وڵاتەکەیان گران دەبێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، لە ٣٠ ئایارەوە تێچوی پێشکەشکردنی ڤیزا بۆ بوارەکانی بازرگانی و خوێندن و گەشتیاری و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕەکان لە ١٦٠ دۆلارەوە بۆ ١٨٥ دۆلار زیاد دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، تێچوی ڤیزای کاتیش لە جۆرەکانی (ئێچ H، ئێڵ L، ئەو O، پی P، کیو Q، ئاڕR)، لە ١٩٥ دۆلارەوە بۆ ٢٠٥ دۆلار زیاد دەبێت.

باس لەوەش کراوە، ئەو کەسانەی کە پێش ئەو بەروارە پارەیان داوە و چاوپێکەوتنەکەیان دەکەوێتە دوای ئەو وادەیە پێویست ناکات پارەى زیاد بدەن بەو مەرجەی وادەی پسوڵەی پارەدانەکە بەسەر نەچوبێت.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە بارەی زیادبوونی تێچوەکەوە دەڵێت، " هەموو ساڵێک لێکۆڵینەوە لە خەرجیی خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ڤیزە دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕی پارە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزە دیاری دەکەین.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هیچ زیادبوونێک لە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێت بۆ خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ڤیزە نەبووە و ئەم زیاد بوونەش رەنگدانەوەی تێچووی زیادەى ئەو خەرجیە گشتیەیە کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی تایبەت بە ڤیزە دروستبووە".

لە راگەیەندراوەکە دا ئەوەش هاتووە، بەشی پێدانی ڤیزا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کراوەتەوە و هاوڵاتیان دەتوانن داوای ڤیزا بکەن و کاتی چاوپێکەوتن دیاری بکەن.













گەلەری