سەردێڕ:

فەڕەنسا بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ ئەم توێژە سنوردار دەکات

PM:04:52:24/05/2023

1880 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا رەشنوسی پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی یاساکە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لەسەر مۆڵەتی دایک و باوک دەبێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رقوکینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا، رەشنوسی پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە تیایدا رێگە بە منداڵانی تەمەن خوار ١٥ ساڵ نادات بە بێ مۆڵەتی دایک و باوکیان تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنن.

ئاماژە بەوەش دراوە، پێویستە پلاتفۆڕمەکان سیستمێک بەکار بهێنن کە پشتڕاستی بکاتەوە بە مۆڵەتی دایک و باوک پلاتفۆڕمەکە بەکاردێت و ئەو پلاتفۆڕمانەشی پابەندی نابن سزای داراییان بەسەر دا دەسەپێندرێت.

پێشتر لە مانگى ئازارى رابردوو، حکومەتى فەڕەنسا، بڕیارى دا لە بارەى ئەو دایک و باوکانەى دیمەنى ڤیدیۆیى منداڵەکانیان تۆمار دەکەن و بە مەبەستى خستنە پێکەنین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە، بە هەمان شێوە قەدەغە کراوە کە ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە بڵاو بکرێنەوە.

ئەو بڕیارەکە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا پاڵپشتى لێ دەکرد، بە ئامانجى ئەوە بوو رێگە بگیرێت لەو کەسانەى دەیانەوێ لە رێگەى ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەى منداڵەکانیانەوە ناو و ناوبانگ و پارە پەیدا بکەن.

لاى خۆیانەوە کۆمەڵە و گروپە کۆمەڵایەتییەکانى فەڕەنسا کە پاڵپشتى لە بڕیارەکە دەکەن دەڵێن، گەرچى بڵاوکردنەوەى ئەو جۆرە ڤیدیۆ و وێنانە بۆ خۆشیە و ئامانجێکى شاراوەى لە پشتەوە نیە، بەڵام لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک دەستدرێژى سێکسى لە بەرامبەر ئەو منداڵە بە کاردەهێنرێتەوە.













گەلەری