سەردێڕ:

زانیاری نوێ لە بارەى نرخی بەنزین و سوتەمەنی ئاشکرا کرا

PM:04:07:24/05/2023

36800 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دا هیچ باجێک ناخرێتە سەر بەنزین و نرخەکەی وەک ساڵانی رابردوو دەبێت، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بەنزین لە هەرێم دەبێتە ٥٠٠ دینار".


ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم عەدوای وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی دا باسی لەوە کرد، لە بودجەی ئەمساڵى عێراق دا هیچ باجێک ناخرێتە سەر بەنزین و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بە نرخی پاڵپشتیکراو بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕێی کەوتنە کاری پاڵاوتگەی کەربەلایە و کارکردنی ئەو پاڵاوتگەیە دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی هاوردەی سوتەمەنی و زیادبوونی بەرهەمی سوتەمەنی ناوخۆ وەک بەنزین و گاز.

لای خۆیەوە، کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر پرۆژەیاسای بودجەش پەسەند بکرێت لە هەرێم بەنزین نابێت بە ٤٥٠ دینار، چونکە لە عێراق لە بەنزینخانە حکومییەکان بەنزین بەو نرخەیە.

وتیشی، لە هەرێم هیچ بەنزینخانەیەکی حکومی نەماوە و هەمووی کەرتی تایبەتە بەڵام ئەگەر عێراق پشکی هەرێم لە بەنزین بنێرێت بە ٤٥٠، بەنزینخانەکان بە ٥٠٠ دینار دەیفرۆشن.

ئەمەش لە کاتێک دایە نرخی یەک لیتر بەنزین لە عێراق بە ٤٥٠ دینارە و لە هەرێم بە نزیکەی بە ٨٢٠ دینارە.













گەلەری