سەردێڕ:

وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا هات

PM:03:51:24/05/2023

1360 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، بە هۆکارێکی تەکنیکی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم دواخرا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی نەناردنی سیدی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بۆ سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ رۆژی شەممە، ٢٧ی ئایار ٢٠٢٣ دواخراوە.

ئەوەش هاتووە، وا بڕیار بوو لە رۆژی ٢٥ی ئایارەوە گەنم لە سایلۆکان لە جوتیاران وەربگیرێت، بەڵام بۆ رۆژی شەممە دواکەوت.

ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، بەرامبەر هەر تۆنێک گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دەدرێت بە جوتیار و لەدوای وەرگرتنی نموونە و پشکنین، گەنم لە جوتیار وەردەگیرێت.

بۆ ئەمساڵ لە سنووری سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت.

بڕی چل ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی هەرێم و دوای چەند رۆژێک لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم چەکی بانکی دەدرێتە جوتیاران و لە ماوەیەکی کەم دا لە بانکەکان پارەی گەنم بە کاش وەردەگرن.













گەلەری