سەردێڕ:

هەواڵگری ئۆکرانیا: دەست بە هێرشەکانمان دەکەینەوە

AM:09:42:24/05/2023

2120 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەواڵگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا دەستدەکەن بە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر سوپای روسیا دەشڵێت، "دەبێت روسیا لە زەوییەکانمان بچێتە دەرەوە."


ئەمڕۆ چوارشەممە، كيريل بودانوف سەرۆکی دەژگای هەواڵگری ئۆکرانیا باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئۆکرانیا لەژێر دەسەڵاتی سوپای روسیادان و پێویستە رزگاربکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، چەک و کەلوپەلی پێویستییان نییە بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو هێرشەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرین چونکە کاتی زیاتر نەماوە بۆ چاوەڕێکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو هێرشانەدا بەشیوەیەکی سەرەکی پشت بە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەبەستن و پێویستیان بە چەکی زیاتریش دەبێت.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، رۆژی ٢٠ـی ئایار فەرماندەی کۆمەڵەی چەکداری فاگنەری سەر سوپای روسیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە تەواوەتی شاری باخموتی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە، ئۆکرانیاش باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە شەڕ لە باخموت.

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لە سەرەتای جەنگەکەشوە وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و بەردەوام هاوکاری سەربازی و مرۆیی دەگەیەننە ئەو وڵاتە.













گەلەری