بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرجەم جۆرەکانی ماتۆڕسکیل و ماتۆڕی سێ ویل و توک توک بە یەکجاریی قەدەغە دەکرێن.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێ شەممە، بە ئامادە بوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا، بەهۆی جێبەجێ کردنی
مەرجەکانی سەلامەتی و پێوەری پێوانەیی هاوردەی سەرجەم جۆرەکانی ماتۆڕسکیل و ماتۆری
سێ ویل و توک توک بە یەکجاری قەدەغە بکرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو بڕیارە راگرتنی هاوردەی ماتۆڕسکیلی بچووکی
خاوەن بزوێنەری ٤٠ سی سی و زیاتر و پێداویستی بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنی و هاتووچۆکان
ناگرێتەوە.
هاوکات ئەوەش هاتووە، وادەی سێ مانگ دەدرێت بە خاوەن ماتۆڕسکیلەکانی
ئێستا بۆ تۆمارکردن و دابین کردنی تابلۆ بۆ ماتۆڕسکیلەکانیان، لە پێناو دروستکردنی
پانێڵێکی زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتووچۆ.
سنوودار کردنی رێگای هاتووچۆ بۆ ماتۆڕسکیل و توک توک بەم شێوەیە:
-لە رێگای خێرا و رێگای گشتی هاتووچۆ قەدەغە بکەن.
-لە دوای تۆمارکردنی، رێگەی پێدەدرێت لە ناوچە کشتوکاڵییەکان و ناوچە گەشتیارییە
داخراوەکان و کۆڵانەکان و رێگا تەسکەکان و شاری نیشتەجێبوونەکان هاتووچۆ بکەن.