سەردێڕ:

گۆڕانکارى بەسەر رێککەوتنى هەڵگرتنى ڤیزاى نێوان عێراق و ئێراندا هات

AM:09:32:13/09/2021

69920 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزى ئێران لە عێراق لەبارەى هەڵگرتنى ڤیزا لەنێوان عێراق و ئێران رونکردنەوەیدا و ئاشکراى کرد "لەئێستادا هەڵگرتنى ڤیزا تەنها گەشتى ئاسمانى دەگرێتەوە".


ئیرەج مەسجدى، باڵیۆزى ئێران لە عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى فەرمى ئێران (ئیرنا)رایگەیاند "هەڵگرتنى ڤیزا لەگەڵ عێراق لەئێستادا تەنها گەشتى ئاسمانى دەگرێتەوە".

وتیشى "رێککەوتنى هەڵگرتنى ڤیزا لەنێوان ئەو دوو وڵاتە گەشتى وشکانیش دەگرێتەوە بەڵام لە دواى کۆتایهاتنى کۆرۆنا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە".

مەسجدى رونیشیکردەوە "بەگوێرەى بڕیارى ئەو کۆبوونەوانەى کە سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ بەرپرسانى ئێران ئەنجامیداوە، ئەو گەشتیارە ئێرانییانەى کە لەرێگەى ئاسمانییەوە گەشتى عێراق دەکەن پێویستییان بە وەرگرتنى ڤیزا نابێت".

دوێنێ یەکشەممە، لەچوارچێوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی ھاوبەشی نێوان مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، رەئیسی رایگەیاند، لەمەودوا گەشتیارانی ئێرانی و عێراقی پێویستییان بە ڤیزانابێت بۆ گەشت کردن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

بڕیارەکە هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکى فەرمى مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵاى عێراق بۆ وڵاتى ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە.


 













گەلەری