پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رایگەیاند، شەڕی ئەمڕۆی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی ساختە بووە و مەبەست لێی سەرقاڵکردنی خەڵکە لە گەندەڵی و باجی زیاییە و پرسی کامێرای تیژڕەوی و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، "پشێوی ئەمڕۆ بەهۆی سەرۆکی پەرلەمانەوە بووە و فراکسیۆنی ئێمە ویستوویەتی کاروباری هەڵبژاردن تێپەرێنێت."
مژدە مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سەرەتا کاتێک مانشێتی هەواڵەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیوە کە فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی شەڕیان بووە دڵخۆشبووە و وایزانیوە لەبەر مافی خەڵکە دواتر سەیریکردووە لەسەر پلە و پۆستە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕی یەکێتی و
پارتی لە پەرلەمان ساختەیە و تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە تاوەکو سەرقاڵی دزیکردن و
گەندەڵی بن و کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەسەر گەڕانەوەی بەرپرسەکانی
یەکێتی و شێوازی کارکردنی کامێرای پۆینت تو پۆینت بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، "پێش بەسەرچوونی
تەمەنی پەرلەمان چەندینجار هێرشکراوەتە سەر پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، بەڵام میدیای
پەرلەمان پیشانی نەدەدا بەڵام شەڕ و پشێوییەکانی ئەمڕۆ بە ئاشکرا نیشان دەدرا ئەوەش
بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر ساختەیی شەڕەکەی ئەمڕۆ."
باسی لەوەشکرد، هیچ کاتێک یەکێتی
و پارتی خەمی خەڵکی هەرێمیان نییە و ساڵ نەبووە و خوێندکاری زانکۆکان بۆ داواکردنی
سادەترین مافی خۆیان خۆپیشاندان نەکەن. دەشڵێت، شەرمە بۆ حکومەتی هەرێم کە تا ئێستا
شەقامەکانی نۆژەن نەکردووەتەوە و موچەی ژینگە پارێزان دەبڕێت.
لەلایەکی دیکەوە ئەرشەد حسێن پەرلەمانتاری
خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی یاسا
٢٤ کاتژمێر پێش دانیشتنی پەرلەمان ١١ پەرلەمان دەتوانن بڕگەیەکی نوێ بۆ دانیشتنەکە
زیاد بکەن و فراکسیۆنی پارتی بە واژۆی هەموو ئەندامەکانی بڕگەیەکی دیکەی بۆ بەرنامەی
کاری پەرلەمان زیاد کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام سەرۆکی
پەرلەمان بەبێ ئەوەی راوێژ بە تەواوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم بکات دانیشتنەکەی
هەڵپەسارد، وتیشی، سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت دانیشتن رێکبخات، بەڵام بۆ هەڵپەساردن
دەبێت راوێژ بکات و ئامانجی دانیشتنەکەش تەنها بۆ گرژی بوو.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر لە پەرلەمان
بڕیاردراوە بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە هەمان شێوەی ساڵی ٢٠١٨ کارا بکرێتەوە
و دەبووایە لە ساڵانی رابردوو ئەو کارە بکرایە، ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە،
بۆیە فراکسیۆنی پارتی لە دانیشتنی ئەمڕۆ ویستوییەتی بە زووترین کات کاروباری پەیوەست
بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تێپەڕێنێت.