سەردێڕ:

سندووقى نەختینەى نێودەوڵەتى پێشبینى بەرزبوونەوەى ئاستى بەرهەم هێنانى نەوتى عێراق دەکات

PM:03:16:22/05/2023

888 جار خوێندراوەتەوە

سندووقى نەختینەى نێودەوڵەتى پێشبینیى دەکات، ئاستى بەرهەم هێنانى نەوتى عێراق بۆ ئەمساڵ بەرزببێتەوە و بگاتە چوار ملیۆن و ٦٣٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا.


ئەمڕۆ دووشەممە، سندووقى نەختینەى نێودەوڵەتى لە راپۆرتێک دا پێشبینیەکانى خۆى بۆ بەرز بوونەوەى ئاستى بەرهەم هێنانى نەوت لە کێڵگەکانى عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بە گەیشتنى عێراق بە ساڵى ٢٠٢٤، ئاستى بەرهەم هێنانى نەوتى عێراق دەگاتە چوار ملیۆن و ٧٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا.

سندووقەکە ئاماژەى بەوەش کردوە، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق لە ساڵى ٢٠٢٢، چوار ملیۆن و ٤٤٠ هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە ساڵى ٢٠٢١ سێ ملیۆن و ٩٧٠ هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، هەروەها لە ساڵى ٢٠٢٠یش، چوار ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

هاوکات سندووقى نەختینەى نێودەوڵەتى هێماى بۆ ئەوەش کردووە، بەرزترین ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە نێو سەرجەم وڵاتانى عەرەبى، پشکى شێر بەر عەرەبستانى سعوودیە کەوتووە، کە لە ساڵى ٢٠٢٢، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى سعوودیە گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا، لە پلەى دووەمیش عێراق دێت و لە دواى ئەو ئیمارات دێت لە پلەى سێیەم، کە ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى ئیمارات گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ١٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا، هاوکات ئەوەشى راگەیاندووە، بەحرەین بە کەمترین ئاستى بەرهەم هێنەرى نەوت پۆڵێن کردووە، کە ئێستا بۆ هەر رۆژێک ١٩٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

ئەوە لە کاتێک دایە، عێراق وەک هەناردە کارێکى سەرەکى نەوت ئەندامە لە رێکخراوى ئۆپێک، کە ئەم رێکخراوە رێکخراوێکى نێونەتەوەییە و لە ١٤ى ئەیلوولى ١٩٦٠، لە لایەن وڵاتانى ئێران و ڤێنزوێلا و عێراق و عەرەبستانى سعوودیە و کوەیت، بە ئامانجى سنووردار کردنى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت و یارمەتیدان بە گرانتر کردنى لە بەغداى پایتەختى عێراق دامەزرا.

هاوکات رێکخراوی ئۆپێک پڵەس هەیە، کە پێکدێت لە ئۆپێک و چەند ئەندامێکی دیکە لەوانەش، روسیا، ئازەربایجان، مەکسیک، بروونای، بەحرەین، کازاخستان، مالیزیا، عوممان، سودان و باشووری سودان.

رێکخراوەکە وەک هاوپەیمانێتیەک لە نێوان ئۆپێک و ئەو وڵاتانە دا لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزرا، ئامانج لێی رێکخستنی خواست و خستنەڕووی جیهانی نەوتە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکە.













گەلەری