سەردێڕ:

سودانى: حکومەت هەموو پێداویستییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دابین دەکات

کۆبوونەوەى محەمەد شیاع سودانى لەگەڵ بەرپرسانى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان
PM:02:40:22/05/2023

1700 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، حکومەت سەرجەم پێداویستی و داواکارییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن دابین دەکات، داواشى کرد کار بکرێت بۆ درووست کردنەوەى متمانەى هاوڵاتیان بە پڕۆسەى هەڵبژاردن.


ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەى راگەیاندنى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، بڵاویکردەوە و تیای دا هاتووە، لە میانى سەردان کردنى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ بەرپرسان و کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆبووەوە و لە چوارچێوەى بەسەر کردنەوەکەدا بە دوادا چوونى کرد بۆ کارتى دەنگدانى هاوڵاتیان و کارەکانى کۆمیسیۆن.

هاوکات سەرۆک وەزیرانى عێراق لە وتەیەک دا رایگەیاند، حکومەت بە هەموو تواناى خۆى هاوکار دەبێت لە دابین کردنى سەرجەم پێداویستییەکانى کۆمیسیۆن و پڕۆسەى هەڵبژاردن، هەروەها پاڵپشتى خۆیشى بۆ دەزگاى هەڵبژاردنەکانى عێراق دووپات کردەوە.

سەرۆک وەزیرانى عێراق وتیشى، بوونى متمانە و شەفاف بوون لە کارەکان، هۆکارێکى سەرەکى و گرنگى پاراستنى بێ لایەنى و پیشەیی بوونى کۆمیسیۆن دەرەخات، هاوکات بە پێویستیشى زانى کە دەبێت کۆمیسیۆن کراوە بێت بە رووى سەرجەم حیزب و پێکهاتە و لایەنە سیاسى و مەدەنییەکانى عێراق، هەروەها دوور خستنەوەى نیگەرانى و مەترسییەکان لەسەر کۆمیسیۆن و وەرگرتنى رێنمایى و رەخنەى ئیجابى لەسەر ئەم دەزگا دەستووریە، ئایندەى کۆمیسیۆنەکە رۆشن دەکات و پێشترى دەخات.

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دەستەیەکى حکوومى سەربەخۆیە و لە ژێر چاودێرى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە ٣١ى ئایارى ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە و هاوکات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەڕێوەی دەبات کە لە نۆ ئەندام پێکدێت و ئەو ئەندامانەى کۆمیسیاران سەرجەمیان کەسانى یاسایین و پلەى دادوەریان هەیە.

هەموو چوار ساڵ جارێک، هەڵبژاردن لە نێوان ئەندامەکان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەو ماوەیە درێژ ناکرێتەوە، ئەنجوومەنەکە لە ١٦ وڵاتی دەرەوەی عێراق نوێنەرایەتیان هەیە، ئەوەش بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراقی لە دەرەوە بێبەش نەبن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.












گەلەری