سەردێڕ:

ئۆکرانیا: روسیا هێرشى ئاسمانیی بۆ شاری دنیپرۆ چڕکردووەتەوە

PM:02:22:22/05/2023

2220 جار خوێندراوەتەوە

ئۆکرانیا رایگەیاند، روسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر شاری دنیپرۆی وڵاتەکەى چڕکردووەتەوە، هێزەکانیشیان ١٥ درۆنى روسییان تێکشکاندووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو روسیا لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشکی کروزەوە هێرشێکی چڕ و بەرفراوانی کردووەتە سەر شاری دنیپرۆ لە باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و زیانی گەورەی بە شارەکە گەیاندووە.

بەرگری ئۆکرانیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەکانیان لە شاری دنیپرۆ، ١٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی روسیا و چوار موشەک کروز کالیبەریان تێکشکاندووە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ئاشکراشیکردووە، تەنها شەوی رابردوو روسیا ٦٥ هێرشی ئەنجامداوە و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان و ژێرخانی ئابوری بەئامانج گرتووە و زیانی گەورەی پێگەیاندوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی ساڵیک و سێ مانگە جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی حەوتیش رایانگەیاند، پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن و بەردەوامدەبن لە پێدانى چەک و کەرەستەى سەربازى.













گەلەری