سەردێڕ:

سەرۆکایەتی پەرلەمانی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

PM:01:31:22/05/2023

2400 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەسەڵاتی دانیشتنی پەرلەمان و کردنەوەی دانیشتن و دواخستنی دانیشتنەکان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و لەبەر ئەوە دوای دواخستنی، دانیشتنی ئەمڕۆ هیچ بەهای یاسای و پەیڕەوی نابێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندراوێکی لە بارەی دانیشتنەکانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، هەر نووسراوێک بەبێ واژوی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دانیشتنی ژمارە (٤)ی رۆژی دووشەممە ٢٢/٥/٢٠٢٣ دواخراوە و کۆتای پێهاتووە."

ئەوە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی دوێنێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڕگەیەکی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان زیادکرد کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بوو، ئەمڕۆ بەهۆی ناڕازیببونی فراکسیۆنی یەکێتیەوە گرژی دروستبوو.

سەرۆکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە سەرەتای دانیشتنەکەدا رایگەیاند، ئەو کارەکە ناپەیڕەوانەیە و دانیشتنەکەی دواخست.

دوای گرژیەکە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنگرەیەکدا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیویست بە نایاسای دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و مونا قاوەچی سکرتێری پەرلەمان بە واژووکردن لەسەر بەرنامەی کار ئەو دۆخەی دروستکرد.

لایخۆشییەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کراوەتەوە.

هاوکات هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ٣٢ ساڵە نەبینرا پەرلەمانتارەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر مافی خەڵک لە پەرلەمان شەڕ بکەن، کەچی ئێستا هەریەکە لەو دوو حیزبە لەسەر ئەندامی یەک کۆمسیۆن کردویانە بە هەرا.













گەلەری