سەردێڕ:

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان؛ پارتی دیموكراسیی نوێ سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى یۆنان بەدەستهێنا

AM:09:35:22/05/2023

1576 جار خوێندراوەتەوە

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى یۆنان، پارتی دیموكراسیی نوێ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئەو وڵاتە سەرکردایەتی دەکات، سەرکەوتنى بەدەستهێنا.


به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌‌كان كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی یۆنانەوە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، پارتی دیموكراسیی نوێ، کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئێستاى ئەو وڵاتە سەرکردایەتی دەکرێت رێژەى ٤١٪ـی دەنگەکانى بەدەستهێناوە، ئەوەش دەکاتە ١٤٥ کورسى پەرلەمان لە کۆى ٣٠٠ کورسى.

هەر بەپێى ئەنجامە بەراییەکان، پارتی 'سیریزا'ی ئەلێکسیس سیپراسی سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن ٧٢ کورسی بەدەستهێناوە و پارتى چەپیش ٢٦ کورسی.

دواى پەسەندکردنى ئەنجامەکان، ماوەى سێ رۆژ دەدرێت بە پارتى براوەى یەکەم کە دژى کۆچبەرانە، بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى و پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت، بە پێچەوانەوە، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو سێ رۆژیش دەدرێت بە پارتى دووەم، ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ کام لەو دوو پارتە نەیانتوانى حکومەت پێکبهێنن، هەڵبژاردن دوبارە دەکرێتەوە.

لای خۆیەوە پارتی سیریزا، کە پارتێکى ئۆپۆزیسیۆنە و لە ساڵى ٢٠١٥ بە سەرۆکایەتى ئەلێکسیس سیپراس لە دەسەڵاتدا بوو، لە پرسى کۆچبەراندا پێچەوانەى پارتى دەسەڵاتدارى ئێستا بیر دەکاتەوە و دەڵێت، پشتگیری کەیسی کۆچبەران دەکەن.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی یۆنان بە یەکێک لە خێراترین هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتە دادەنرێت، بەو پێیەی چەند هەفتەیەک پێش کۆتاییهاتنی ماوەى یاسایی کابینەی حکومەت بەڕێوە دەچێت.

سنورە ئاوییەکانی یۆنان بە یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی دەربازبوونی کۆچبەران دادەنرێت بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە رێگای یۆنانەوە چەندین کۆچبەر روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە، بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیەش ماوەی چەند ساڵێکە یۆنان سنورەکانی توندتر کردووەتەوە.













گەلەری