وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک و گوگڵ و ئەمازۆن بکرێت بۆ ئەوەی ناوەندی داتایی سەر بەو کۆمپانیایانە لە عێڕاق بکرێتەوە.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دەستەی بیروڕا لەگەڵ هەیم یاساری وەزیری پەیوەندییەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر پڕۆژەی دامەزراندی بنکەی ناوەندی داتای هەرێمیی لە عێڕاق کرد بەمەبەستی بازرگانی.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی
پڕۆژەکە دراوە و لەگەڵ کۆمپانیای جیهانی وەک گوگڵ و ئەمازۆن و فەیسبووک و کۆمپانیای
دیکە رێککەوتن دەکرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، گرنگی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە کە پێداویستی
وڵاتانی دراوسێی کە ئەو بنکانەیان تێدا نییە پڕدەکاتەوە جگە لەوەی کەلوپەل بە کوالێتی
باشتر و نرخی هەرزانتر لە عێراق بەردەست دەخات.
لە ماوەی رابردوو وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق چەندین
جار هەوڵیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان وەک فەیسبووک و گوگڵ داوە بۆ ئەوەی ناوەندەکانیان
لە عێراق بکەنەوە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی عێراق لەو کاتەدا داواکارییەکان
رەتکراونەتەوە.