سەردێڕ:

سەرۆکایەتی هەرێم: هیچ بەربەستێک لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نییە

PM:09:09:21/05/2023

1608 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، ٨٥٪ی پرۆسەی هەڵبژاردن رێککەوتنی لەسەر کراوە هیچ بەربەستێک لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن نییە، رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بە چاودێری نێودەوڵەتی واژۆکراوە و شایستەداراییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بە زیادەوە دابین دەکات.


دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەشی زۆری هەنگاوە یاساییەکانی پەیوەست ئامادەکردنی یاسای هەڵبژاردن تێپەرێندراوە و هیچ ئەگەرێکی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بوونی نییە.

دەشڵێت، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەڵبژاردنە و ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وادەیەکی جێگیرە بۆ ئەو پرۆسەیە.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی رابردوودا کێشەی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن هەبوو، بەڵام لە ئێستادا سەرجەم گرفتەکان چارەسەرکراون و لەسەر زۆربەی مەرجەکان رێککەوتوون و نزیکەی ٨٥٪ی پرۆسەی هەڵبژاردن رێککەوتنی لەسەر کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حزبەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت ئەو هەنگاوانەی لە ئێستادا لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن نراوە ئومێدبەخش و ئەرێنین کۆبوونەوەکان بۆ ئەوەیە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت نەک بەربەستی بۆ دروست بکرێت.

باسی لەوەشکرد، رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراقدا هەیە و ئەو رێککەوتنە پێشتر لە کارنامەی محەمەد شیاع سودانیدا هەبووە و لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر بودجەیە و هەنگاوەکانی ئەو رێککەوتنەش ئەرێنییە و بە پەسەنکردنی بودجە کێشەی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم چارەسەر دەبێت و ناکۆکی سیاسیش کێشەی بۆ دروست ناکات.

ئەوەشی ئاشکراکرد، رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بە چاودێری لایەنە نێودەوڵەتییەکان واژۆکراوە و ئەویش لە پێناو ئەوەی بە ئاڕاستەیەکی رێکدا بەڕێوەبچێت و شایستەی دارایی هاوڵاتیان لە بودجەی عێراقدا زۆر زیاترە لەوەی حکومەتی هەرێم بە داهاتی نەوتی هەرێم دابینی دەکرد.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمجارەی پەیوەست بە دۆخی عێراق و هەرێم جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دووبارە هۆشداری دایە یەکێتی وپارتی و رایگەیاند، ئەگەر لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدەن متمانەی خەڵک و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەدەستدەدەن.

فشارە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامە و ١٢ وڵاتی ئەوروپی فشاریان لە یەکێتی و پارتی کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدەن.

لە رۆژی رابردوو ئالینا رۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی گفتوگۆی کردووە و داوای لێکردوون هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدەن و کاتی پێویست تەرخان بکەن بۆ پتەوکردنی مافی مرۆڤ و کار بکەن بۆ یەکخسنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.













گەلەری