سەردێڕ:

لیژنەى دارایى پەرلەمان: سێ بڕگە لە پرۆژەیاسای بودجە ماوە کە پەیوەستە بە هەرێمەوە

PM:05:23:21/05/2023

2580 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، زۆرینەى بڕگەکانى پرۆژەیاسای بودجە تەواو بووە، تەنیا سێ بڕگە ماوە ئەویش پەیوەستە بە هەرێمى کوردستانەوە، دەشڵێت، "ئەو بڕگانە پەیوەندییان بە حزبە سیاسییەکانەوە هەیە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، یوسف کلابى ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە میدیاى عێراقى راگەیاند، لیژنەکەیان زۆرینەى ماددەکانى ناو بودجەیان تەواو کردووە، تەنیا ٣ بڕگە نەبێت کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، وتیشى، "کاتێک پڕۆژە یاساکە لە حکومەتەوە هات روون نەبوو، بۆیە لیژنەکەیان داوایکرد جارێکى تر دابڕێژرێتەوە و بگونجێنرێت لەگەڵ قەبارەى بودجەدا".

یوسف کلابى جەختی لەوەشکردەوە، ئەنجومەنى نوێنەران لەماوەى هەفتەیەکدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە دەدات، روونیشى کردەوە، لە دوو دانیشتنى پەرلەماندا دەنگى کۆتایى لەسەر دەدرێت و تێدەپەڕێنرێت.

لە ماوەکانى رابردوودا، ئەنجومەنى نوێنەران خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بودجەى عێراق کرد، کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە بۆ ساڵانى ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رەوانەى پەرلەمان کرابوو.

پڕۆژەیاساى بودجەى ٢٠٢٣ بە گەورەترین بودجە هەژمار دەکرێت لە مێژووى عێراقدا، کە لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، بودجەکە بە ١٩٧ ترلیۆن دینار واتا (١٣٥ ملیار دۆلار) خەمڵێندراوە کە لە نێویدا بودجەى بەکاربردن هەیە کە دەگاتە ١٥٠ ترلیۆن دینار و وەبەرهێنانیش ٤٧ ترلیۆن.

لە پڕۆژەیاساى بودجەى عێراقدا، کورتهێنان بە ٦٣ ترلیۆن دینارى عێراقى خەمڵێندراوە، هەروەها کۆى داهاتى بەدەستهاتوو بە ١٣٤ ترلیۆن دینار دەبێت و داهاتى نەوت بە ١١٧ ترلیۆن دینار و داهاتى نانەوتى بە ١٧ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، هاوکات نرخى هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار داندراوە.













گەلەری