سەردێڕ:

وادەی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی دیکە بۆ هەرێم ئاشکرا کرا

PM:04:02:21/05/2023

15512 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری هەرێم لە عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەی ٢٠٠ ملیار دیناری دیکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.


فارس عیسا نوێنەری هەرێم لە بەغدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەی دووشەممە بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری دیکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.

لە سەرەتای رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئێستا بڕی یەک ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم نێدراوە.

بەپێی ئەو لیستی موچەیەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە بە دوو هەفتە موچە دابەشدەکرێت، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش حکومەت پارەی پێویستی لەبەردەستدایە تاوەکو بە دوو رۆژ موچە دابەشبکات.

هەر ئەمڕۆ، ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، بزوێنەری کێشەکانی بەردەم موچە زیاتر سیاسی و بابەتی گەندەڵیین و ئەو کێشە سیاسی و گەندەڵییە بەردەوامانە، گرفتی دارایی دروست دەکەن.

وتیشی، تاوەکو ئەو کێشە و گرفتە سیاسیانە بەردەوام بێت کێشە بۆ دابەشکردنی موچە دروستدەبێت.

پێشتریش حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەڵێنیدا هەموو ٢٥ـی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەیتوانیوە بەڵێنەکەی بباتە سەر و لە ئێستادا فەرمانبەران لە ٢٥ی مانگی ئایار نزیکدەبنەوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی نیسان بە تەواوی دابەشنەکراوە.














گەلەری