چاودێرێکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی قبوڵی ناکات جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت درێژبکەنەوە.
فایەق گوڵپى چاودێرى سیاسى لە میانەى بەشداریکردنى لە ناڤینى رۆژی ئێن ئاڕ تى، لە بارەى دواخستنى هەڵبژاردن و فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەم ساڵ دا، ئاماژەى بەوە کرد، ئێستا دواى هاتنە سەر خەتى کۆمەڵى نێودەوڵەتى و فشارە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکان چڕ بوونەتەوە کە لە پایزى ئەم ساڵ هەڵبژاردن بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە بەرامبەر
فشارە نێودەوڵەتییەکان، لە ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش فشارەکان چڕ بکرێنەوە، بۆ
ئەوەى چیتر هەڵبژاردن دوا نەخرێت.
وتیشى، لە رابردوو دا بەهۆى شەڕى ناوخۆ
و نەبوونى لایەنى ئۆپۆزسیۆن و چاو پۆشی کردنى کۆمەڵى نێودەوڵەتى لە یەکێتى و پارتى
و خەڵکى هەرێمى کوردستان گرنگییان زۆر بە هەڵبژاردن نەدە دا، بەڵام ئەو دەرفەتە
بەسەرچوو، پارتى و یەکێتى ئەبێت بێنە مەیدانەکە، ئەگەر نەهاتن ئەوان دەبێت بە
فشارى زۆر ناچار بکرێن هەڵبژاردن بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناکۆکى نێوان پارتی
لەنێو خۆیاندا زۆر روونە کە بەرەو کوێ دەڕوات و بۆیە ئەم دیاردانە لە سیستەمى
دیموکراسییەت دا نین، ئەمانەن کە یەکێتى و پارتى لێى دەترسن، چونکە ئەگەر هێزێکى
سیاسى تر بێتە پێشەوە، یەکەم هەنگاوى ئەوە بێت کە دەستوور هەبێت لە هەرێمى
کوردستان دا، دووەم هەنگاوى ئەوە بێت کە حیزب بچووک بکرێتەوە، سێیەم هەنگاوى ئەوە
بێت کە نابێت حیزب حیزبێکى بنەماڵەیى بێت، چوارەم هەنگاوى ئەوەبێت کە هێزە
چەکدارەکان سوپا و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و ئەوانى دیکە دەبێت بێ لایەن بن،
دەبێت حیزبى نەبن دەبێت نیشتیمانى بن.
راشیگەیاند، یەکێتی و پارتی لە نەوەی
نوێ دەترسن چونکە نەوەى نوێ لە هەڵبژاردنى رابردوو دا ژمارەیەکى باش کورسى هێنا لە
پەرلەمانى هەرێمى کوردستان وە هەروەها لە هەڵبژاردنى ٢٠٢١، نۆ ئەندام پەرلەمانى
ناردە پەرلەمانى عێراق، وە چالاکى هەیە، هاوکات وەکو هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى راستەقینە
لەو کاتەوەى درووست بووە، بەشدارى دەسەڵاتى نەکردووە، وە هیچ پەیوەندییەکى سیاسى
لەگەڵ ئەم حزب و دەسەڵاتدارانە نیە کە هەیە، وە پێکهاتەیەکى گەنجن، بەشدارییان لە
شەڕى برا کوژیدا نەکردووە، بەشدارییان لە راکێشانى سوپاى داگیر کەرانیان نەکردووە
بۆسەر هەرێمى کوردستان و عێراق و خەڵکى هەرێمیش سەرسامن بەو سیفاتە نوێیانەوە.
باسی لەوەش کرد، هاوڵاتیان دەیانەوێت
ئەو حیزبە دەسڵاتدارانەى کە لە دواى ١٩٩١ەوە دەستیان بەسەر هەرێمى کوردستان دا
گرتووە، لە تاڵان کردنى سەروەت و سامانى سەر زەوى و ژێر زەوى هەرێم و لە گەندەڵى و
لە شەڕى ناوخۆ و لە زۆرێک لە کەم و کوڕى تر بەشدارن لەسەر حکوم لابدات و گۆڕانکارى
لە سیستەمى حوکمڕانی دا بکەن.