سەردێڕ:

ئومێد محەمەد: پاشەکەوتی موچە دزییە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەران

PM:01:07:21/05/2023

4372 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پاشەکەوتی موچە دزییە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەران. دەشڵێت، "هەموو هەوڵێک دەدەین دانەوەی پاشەکەوت لە بودجەدا جێگە بکرێتەوە."


ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە ناڤینی ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، تاوەکو یەکێتی و پارتی لە هەرێم حکوم بکەن گەندەڵی دەبێت.

وتیشی، بە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵ و بە رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا موچەی فەرمانبەران مسۆگەر دەبێت، مەگەر هەرێم کێشە بۆ رێککەوتنەکە دروستبکات و ببێتە رێگر لەبەردەم دابەشکردنی موچەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا پەرلەمانتارەکانی ئەو دوو حزبە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە لەبارەی گەڕاندنەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان لە چوارچێوەی بودجەدا و ئەوەش بێڕێزییە بەرامبەر قوتی خەڵک و ئەوان وەک فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ هەموو هەوڵێک دەدەن لە پشکی فەرمانبەران خۆشنەبن و گەڕاندنەوەی پاشەکەوتەکان وەک بڕگەیەک لە بودجەدا جێگەبکرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، "پاشەکەوتی موچە قەرزە لەسە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و پێویستە بیداتەوە و ئەگەریش نەیدەنەوە کاتێک نەوەی نوێ حکومەتی داهاتووی هەرێمی پێکهێنا دەیگەڕێنێتەوە."

راشیگەیاند، حکومەتی عێراقی مەبەستییەتی رێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم بەجێبگەیەنێت مەگەر هەرێم خۆی کێشە بۆ خۆی دروستبکات.

لەبارەی وادەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەوە ئومێد محەمەد ئەوەی خستەڕوو، پێویستە پەرلەمانی عێراق تاوەکو ٩ـی ٦ پرۆژەیاساکە پەسەند بکات و حەگەر سبەینێش نەبێت تاوەکو ئەو وادەیە پەسەند دەکرێت.













گەلەری