سەردێڕ:

سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئاگربەستیان راگەیاند

AM:09:16:21/05/2023

856 جار خوێندراوەتەوە

جارێکى دیکە هەریەک لە سوپاى سودان و هێزەکانى پشتیوانى خێراى ئاگربەستیان راگەیاند، کە بڕیارە بۆ ماوەى هەفتەیەک بەردەوام بێت.


ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگەوە ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ٤٨ کاتژمێر لە دانوستان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی بۆ ماوەی حەوت رۆژ.

راگەیاندنی ئەو ئاگربەستە لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا ئەو دوو هێزە چەندان جار ئاگربەستیان راگەیاندووە، بەڵام پابەند نەبوون پێوەی و شاندی هەردوولایان لە ریازی سعودیە بەردەوامن لە گفتووگۆ.

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردوودا شەڕ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان دروستبوو، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی تائێستا ٧٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٢٨٧ کەسیش برینداربون.

ئاگربەستەکەى سودان دواى داواکاریی لوتکەى عەرەبى هات کە داوایان لە لایەنەکانی بەشدار لە رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانی سودان کرد بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.













گەلەری