سکرتارییەتی بەڕێوەبردنی مەترسییە نیشتمانییەکانی ئیکوادۆر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، تەرمی نوێی تایبەت بە قوربانیانی رووداوی رۆچوونی زەویی شارەدێی ئالاوسیی سەر بە ویلایەتی چیمبۆرازۆ، دۆزراوەتەوە.
ئەوەش هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٥٦ کەس و گەڕان بەدوای چارەنووسی کەسە بێسەروشوێنبووەکانی دیکەشدا بەردەوامە.
بەرپرسانی ئیکوادۆر
باس لەوە دەکەن، تا ئێستا ٣٠ کەسی دیکە لەژێر خاکدان و بەوردی کار دەکرێت بۆ دۆزینەوەی
تەرمەکانیان.
رووداوەکە زیانی
بە ١٦٣ خانوو گەیاندبوو، کە لەو ژمارەیە ٦٠ خانوویان بەتەواوی خاپوور بووبوون.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی
لە راگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئیکوادۆر بڵاوکراونەتەوە، ماوەیەکە لە چیاکانی ناوچەکەدا
شەقبوون روویداوە و ئەمەش بووەتە هۆی رۆچوونی زەوی.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
لە ٣٠ی ئازارەوە لە ویلایەتی چیمبۆرازۆ "دۆخی لەناکاو" راگەیەندراوە و
کارەکانیش بۆ کردنەوەی رێگاکان بەردەوامن.