سەردێڕ:

شاندێکی پارتی سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد

کۆبوونەوەى پارتى و کۆمەڵى دادگەرى لە بارەگاى کۆمەڵ لە شارى هەولێر
PM:02:52:19/05/2023

1808 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کۆمەڵی دادگەری کردوو بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باس لە پرسی هەڵبژاردن دەکەن.


لە دوای قسەکانی جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی، شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ عەلی باپیر سکرتێری کۆمەڵی دادگەری لە بارەگای کۆمەڵ لە شارى هەولێر لەسەر پرسی هەڵبژاردن و پێکهاتەکان کۆبوونەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، گفتووگۆ لەسەر پرسی پێکهاتەکان و وادەی هەڵبژاردن و رێکخستنەوە و کارا کردنی کۆمسیۆنی باڵای کوردستان تەوەری کۆبوونەوەکان دەبێت.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت تاکو کۆتای ئەم مانگە بگەنە رێککەوتن بۆى بتوانن لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و پرسەکانی هەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە، ئەوەش دوای فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

کۆبوونەوەکان دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق رایگەیاند، ئەگەر یەکێتی و پارتی هەڵبژاردن دوابخەن ئەوا پاڵپشتی و متمانە لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا لە دەست دەدەن.

ئەوە لە کاتێکدایە، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجام نەدرا و ئێستا بەپێی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم وا بڕیارە ١٨ی تشرینی دوووەم ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، ئەوەش لە دوای فشارە نێودەوڵەتییەکان و ناچار کردنی یەکێتی و پارتی بە ئەنجام دانی هەڵبژاردن.













گەلەری