سەردێڕ:

سێ داواکارى ئاراستەى سەرۆکوەزیرانى ئەفغانستان کرا

PM:07:50:12/09/2021

4860 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، یەکێتی زانایانی موسڵمانانی جیهان پیرۆزبایی لە مەلا محەمەد حەسەن ئاخوند کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی نوێی حکومەتی ئەفغانستان.


ئاماژەیان بەوەشکرد، یەکێتییەکە پیرۆزبایی دڵسۆزانەی خۆیان دەربڕیوە لەبارەى ئەو متمانەیەی مەلا محەمەد لەلایەن بزوتنەوەکە و لایەنەکانی تری ئەفغانستان متمانەی پێبەخشراوە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێى ئەو وڵاتە.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، یەکێتیەکە چاوەڕوان دەکات حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە نمونەیەكی حکومەتی ئیسلامی پاك پێشکەش بکات و پشت بە راوێژکردن ببەستێت و دادپەروەری بەجێ بهێنێت.

داواشی لەهەموو لایەنەکانی گەلی ئەفغانی کردووە، پشتیوانی حکومەت بکەن و لەیەک تێگەیشتنیان هەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، مەلا محەمەد حەسەن وەک سەرۆکی حکومەتی نوێی ئەفغانستان و مەلا عەبدولغەنی برادەر وەک جێگری سەرۆکی حکومەت دیاریکراون.

رۆژی ١٥ی مانگی رابردوو، دوای ئەوەی سوپای ئەفغانستان لە زۆربەی شارەکاندا پاشەکشەی کرد، چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر زۆربەی شار و هەرێمەکاندا گرت و کابوڵی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و رۆژی ٦ی ئەم مانگەش تاڵیبان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی وڵاتی راگەیاند.













گەلەری