سەردێڕ:

سینان ئۆغان پاڵپشتی خۆی بۆ یەکێک لە کاندیدەکان یەکلایی دەکاتەوە

PM:12:49:19/05/2023

5256 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوو دا سینان ئۆ‌غان کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، پاڵپشتی خۆی لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵیچدارئۆغڵۆ یەکلای بکاتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، ئەو وادەیە تەواو دەبێت کە سینان ئۆغڵۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری کردبوو بۆ یەکلایی کردنەوەی پاڵپشتی خۆی بۆ یەکێک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا.

ئێستا رکابەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری و کەمال کڵیچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی میلەت دایە.

سینان ئۆغان پێشتر رایگەیاند بوو، لەگەڵ لایەنەکان دانیشتن دەکەن و داواکاریەکانیان پێدەدەن، تاکو هاوبەش بن لە حکومەتی داهاتوو.

هاوکات، ئەندامێکی پەرلەمانی پێشووی تورکیا لە پارتی داد و گەشەپێدان ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامە و بیر کردنەوەی سینان ئۆغان زیاتر لە هاوپەیمانی میللەت نزیکترە و ئەگەر تەنیا لە ١٠٪ی دەنگەکانی سینان ئۆغان بۆ کەمال کڵیچدارئۆغڵو بچێت ئەوا سەرکەوتوو دەبێت.

لە بەرامبەر دا، سەرکردەیەکی جەهەپە ئەوەی خستەڕوو، لە ناو هاوپەیمانی کۆماری دا هیچ داواکارییەکی پاڵپشتی لە سینان ئۆغان نەکراوە و پابەندییان بە بڕیاری هەموو لایەنەکان هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی ١٤ی ئایار سینان ئۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دا توانی ٥,١٧٪ی دەنگەکان بە دەست بهێنێت و بەپێی سیستمی هەڵبژاردن بە شکست خواردوو داندراوە.

لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی تورکیا بە پێی ئەنجامە بەراییەکان ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری ٤٩,٣١٪ی هەڵبژاردنەکانی بە دەست هێنا و کەمال کڵیچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی میلەت ٤٤,٩٨٪ی دەنگەکانی بە دەست هێنا.













گەلەری